سه‌ره‌کی        په‌یوه‌ندی        ئه‌رشیف        لینک        زانیاری ماڵپه‌ڕ
   
وتاری هه‌ڤاڵ مسته‌فا چاوڕه‌ش - یادی چله‌ی شه‌هیدانی لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی
دۆسیه‌ ‌
  پاڵەوانێک لە دەرەوەی رۆمان!
به‌روار: 20/12/2017

پاڵەوانێک لە دەرەوەی رۆمان!

کاک مستەفا چاوڕەش، ژیانێکی وەهای هەبوە من ناوم ناوە پاڵەوانێک لەدەرەوەی رۆمان، هەرخۆی کەمم وتوە، چونکە پاڵەوانی رۆمانەکان بە ویستی نوسەر رۆڵییان پێدەدرێ، لێ کاک مستەفا سروشتی ژیانی و حەقیقەت و واقیع کردویەتی بە پاڵەوان.
ئەم رۆ کاک مستەفا چاوڕەش هەردو کتێبەکەی کردە دیاریم، بەندەی خۆشحاڵکرد، بەڵام من پێشتر یادەوەرییەکانیم خوێندبۆوە. هەر ئەوکات سەرنجم هەبو لەسەر بیرەوەرییەکانی چاوڕەش، کە پێموابێ ئەوە تەنها کاک مستەفا نییە کە خۆی لەهەندێ روداو و دیاردەی سەردەمی شۆڕش و خەبات لادەدات، بەڵکو هەتا ئێستا بیرەوەرییەکانی زۆرێک لە خەباتگێڕان و کارەکتەرەکانی شۆڕشم خوێندۆتەوە، هەمان ئەو گرفتەم هەیە لەگەڵییان. کە دەشێ هۆکاری تایبەتیشیان هەبێ لەوەی کە نایانەوێ باسی بکەن.
ئەوەی من دەمەوێ گێڕانەوەیەکی بوێرانەی گشتباس بێ، واتە ئەوەی بینیویانەو بیستویانە بیگوێزنەوە بۆ ئێمە. باشە خەبات هەمەجۆر خەڵکانی تێدابوە، خاڵی هاوبەشیان شۆڕش بوە، بەڵام ئیدی خاڵی تەواو جوداشیان تێدابوە. بۆ نمونە کەسانێک لە شۆڕشدا دزبون، چەتەو داوێن پیس بون، قومارچی و بەدمەست بون، زۆر شتی تریش، من ئەوەی لەوانم ئەوێ تەواوی وێنەکەیە. ئاخر ناکرێ وێنەیەک بێت کە خۆیان ئەیانەوێ. ئەم رەخنەیەم تەنها لە کاک مستەفا چاوڕەش نییە، بەڵکو هەمویان ئەڵێم. من ئازایی و جەربەزەیی کاک مستەفام زۆر بیستوە، هیواخواز بوم لە نوسینەکەشییا هەر ئەو قارەمانە بوایە کە ئەوەی رۆژێ بەعسی بوبێ لێی ترساوە.
بەداخەوە خراپی حوکمڕانی و تێوەگلانی زۆرێک لە شۆڕشگێڕان وایکردوە کە نەتوانین دیوە جوانەکانی هەندێ قارەمان بخەینە رو، نا لەبەر ئەوەی کە هەندێک رەخنە بگرن و بڵێن بەشان وباڵی بەرپرسا هەڵدەدات، بەڵکو لەبەر توڕە بونی خۆمە لە شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ و بازرگانەکانی ئەمڕۆ.
بەرێز مستەفا چاوڕەش، ئەو شێرە پیاوەی جاسوس و خۆفرۆش و دوژمنی کورد سڵیان تەنانەت لەناوەکەی دەکردەوە، چۆن رۆژگار دەیکاتە پیاوێکی ئازاو بەغیرەت، ئەو یەکەمینجار لە خۆپیشاندانێکدا بۆ بەربونی شێخ لەتیف لەسلێمانی، کە ئەوکات چاوڕەش تەمەنی شانزە بۆ حەڤدە ساڵان بوە، دەستڕێژی گوللەیان لێکراوە، ترساوەو هەڵهاتوە، وەک خۆی دەیگێڕێتەوە کە یەکەمینجاربوە گوێی لە تەقە بوە. هەروەها لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێ یەکەمجار کەلە سلێمانی بەرەوە دەرەوە چون، لە دۆڵێکدا ماونەتەوە لە ترسی جۆرە مێشولەیەک تا بەیانی خەوی لێنەکەوتوە، مێشولەکە لەوجۆرانە بوە کەلە تاریکیدا باڵەکانی دادەگیرسێت. بەڵام ئیدی لەپێناو کوردایەتیدا ئەبێتە شۆڕەسوارێکی کەموێنە. کەم کەس هەیە، چیرۆکێکی قارەمانانەی چاوڕەش نەزانێ یان چالاکییەکانی ناو شاری ئەوی نەبیستبێ.
بۆخۆی لای من زۆر گرنگ بو کە مستەفا چاوڕەش بیرەوەرییەکانی زۆر بە سادەیی نیشانداوە، ئەسڵەن کەسانێک هەن خۆیان کردۆتە داینەمۆی شۆڕش هەر گوناحە لەئاست ئەم زاتەدا باس بکرێ، کەچی خۆ هەڵدانی لە کەڵەکەوە بۆ خوارەوە گێڕاوەتەوە، گەر چاوڕەش بکرێتە فیلمێکی سینەمایی ئەسڵەن کەسانێک ناوێرن سەیری بکەن، هەرخۆی هەندێکیشی باوەڕی پێ نەدەکرا.
لێرەدا من چالاکییەکی کاک مستەفا دەگێڕمەوە.
لەسەردەمی رژێمدا دێتە ناوشار بۆ سزادانی خۆفرۆشێک. لەبەردەرکی سەرا کاتێ کابرای خۆفرۆش لەدورەوە چاوڕەش دەبینێ یەکسەر رادەکات، کاک مستەفاش دەست دەکات بە دەمانچەکەیداو یەکەم گولە کاسەی سەری هەڵدەگرێ، کە ئەوکات دەنگدانەوەی زۆر بو کە لەدورییەکی ئاوهاوە ئەو دەستڕاستییە.
نوسینەکانی چاوڕەش ئەوەندەی خۆم درکم پێکردبن راستگۆیانە نوسیونی، بۆ هەندێکیشیان پرسیارم کردوە راست دەرچون.
هیوای سەلامەتی و تەمەندرێژی بۆ دەخوازم.

سەردەشت حەمەساڵح