سه‌ره‌کی        په‌یوه‌ندی        ئه‌رشیف        لینک        زانیاری ماڵپه‌ڕ
   
وتاری هه‌ڤاڵ مسته‌فا چاوڕه‌ش - یادی چله‌ی شه‌هیدانی لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی
له‌میدیاکانه‌وه‌ ‌
  ئێران لەشۆڕشی بەردەوە بۆ بەریەككەوتنی چەكداری
به‌روار: 02/01/2018


پێدەچێت لەچەند رۆژی ئایندەدا لەلایەن دەوڵەتەوە شاهیدی هەڵمەتێكی توندبین دەرهەق بە خۆپیشانانەكانی ئێران، رۆحانی سەرۆككۆماری ئێران دەیەوێت پانتاییەك بۆ خۆپیشاندانەكان دابنێت، هەندێك قسەكانی ئەو وەك هەرەشەیەك لێكدەدەنەوە بۆ ئەوەی حكومەت بەرنامەی هەیە راستەوخۆ توندوتیژی لەبەرامبەر خۆپیشاندەران بەكاربێنێت. هەرچەندە تا ئێستا دیار نییە ئایندەی خۆپیشاندانی شارەكانی ئێران روو لەكوێی دەكەن، بەڵام ئاماژە سەرەتاییەكان، دروشم و ئاستی فراوانی نارەزایەتیەكان، بەتایبەت ئەوەی كە لەشارە گەورەكانی نزیك لە چەقی دەسەڵاتەوە دەستی پێكردوە، هەموو ئەوانە ئەوە نیشان دەدەن خەباتی دژی جمهوری ئیسلامی پێی ناوەتە قۆناغێكی باڵاترەوە. 
   
ئێستا كە رۆحانی لەسەر خۆپیشاندانەكان بێدەنگی شكاندوەو دەڵێت"ڕەخنەگرتن شتێكە و توندوتیژی و تێكدانی دامەزراوەكان شتێكی ترە" ئەمەش وادەبینرێت كە ئەم راگەیاندنە سەرەتایەك بێت بۆدروستبوون و روودانی توندوتیژی دەرهەق بە خۆپیشاندەران، چونكە پێش روودانی هەر توندوتیژییەكی رێكخراوەیی، دەوڵەت پێویستی بە ریوایەتێك هەیە بۆ رەوایەتی پێدانی سەركوتی خۆپیشاندانەكان. پرسیارە جدیەكە لێرەدایە،  ئاخۆ توندوتیژییەكانی دەوڵەت ئێران بەرەو كوێی ئەبات، یان ئاخۆ ئێرانیش ئەبێت بەو وڵاتانەی بەهاری عەرەبی تیایاندا روویدا، یان بەپێچەوانەوە دەوڵەت توانایی هەیە بەخێرایی چارەسەری هەندێك لەكێشەكانی بكات و ئەوەی تریش بەتوندوتیژی كپ بكاتەوە.

دەسەڵاتی ئێستای ئێران شانسی ئەوەی هەیە، ئەوەی پێشتر لەوڵاتانی عەرەبی روویدا، فۆرمێكی سەركەوتوو نەبوون و بەقازانجی ئەمن و ئاسایشی ئەوروپاو نەبوون، بۆیە پێدەچێت سەرباری هەر سەرنج و تێبینیەك كەلەسەر دەسەڵاتی ئێران هەیانبێت، ئەشی هێشتا لەگەڵ ئەو ئاراستەو دیدە رادیكاڵانە نەبن كە دەیەوێت لەرێگەی شەقام وخۆپیشاندان ودروسبوونی پشێوویەوە، گۆرانكاری لەدەسەڵاتی ئێراندا بێتە ئاراوە، ئەمەش ئەو رایە دروست دەكات كە رەنگە وەك پێویست ئەوروپای "لانكی دیموكراتیەت" لەگەڵ خواستی  خۆپیشاندەران نەبن و چاوی خۆیان بنوقێنن لەئاست كپ كردنەوەی شەقام، یان رەنگە لەدواساتدا ئەگەر بەرنامە و نەخشەیەكی تۆكمەی ئەمریكی ئەوروپی نەبێت، ئەوا رەنگە تا ئەو ئاستە پشتیوانی نارەزایەتیەكانی ئێران بكرێت  تا وەك هەرەشەو وەك كارتێك بەسەر دەسەڵاتی ئێرانەوە بەكاربهێنرێت بۆ رازیكردنی دەوڵەت بەچەند خواستیكی ئەقلیمی لەوانەش كۆتایی هاتن بە دەستێوەردانی ئێران لە وڵاتانی ناوچەكەو پرسی راگرتنی بەرهەمی ئەتۆمی.
  
ئیرانیەكان گەلێكی ئازاو ئازادو خاوەن فەرهەنگن، خاوەن شارستانیەتێكی قۆڵی تابەت بەخۆیانن، بەئۆپۆزیسۆن و خاوەن دەسەڵاتەوە وڵاتی خۆیان خۆش ئەوێت، سیاسەتی پانئیسلامیزمیش كە جێگەی نیگەرانی خۆپشاندەرانە و بەشێكە لەدروشمەكانیان، لەروانگەی دەسەڵاتی ئێستاوە بەشێكە لەبەرنامەی پاراستی وڵاتەكەیان لەشەر و دورخستنەوەی ئەگەرەكانی لەسنوری وڵاتەكەی خۆیان، جیهانبینی ئۆپۆزیسۆنە رەسەنەكەشی  بەخەمەوەهاتنی پێكەوە ژیانی پێكهاتەكانی لە بەرنامەكانیادا چەسپاندوە،  هەربۆیە جمهوری ئیسلامی بەهەموو جەبەروت و كاریگەرییەكانی مەزهەبەوە بەدرێژایی نزیك لە نیو سەدە لەحوكمرانی و بوونی دیدی مەزهەبیانەی نەیانتوانیوە فەرهەنگی شارستانی و پێشكەوتوخوازی گەلی ئێران بگۆرن، دیسان پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئاخۆئەم گەلە بەم هەموو فەرهەنگەیەوە بە یارو نەیاری سیاسی خەڵكەكەیەوە رێگەدەدەن وڵاتەكەیان ببێتە جێگەی مشتومرو بەریەككەوتنی هێزەگەورەكان و لە شەرە بەردەوە بیگۆرن بۆ شەری باروت و تەقەمەنی و چەك لەبەرامبەر یەكتردا بەورادەیە بەكار بهێنن كە لەبەهاری وڵاتانی عەرەبی بینرا، یان هەمان ئەو سیناریۆیە ئەمجارەش ئەگەری دووبارە بوونەوەی هەیە كە  لەسەردەمی حوكمرانی پێشوودا، دواجار سوپا چووە پاڵ خەڵك و نەیویست شەقام سوربكات، بۆیە پێویستە بوەستین تابەرچاومان روونتر دەبێتەوە و بزانین هێزە چەكدارەكانی ئێستای ئێران كە چەند جۆرێكن وسەر بەچەند ناوەندێكی جیاوازن، هەڵوێستیان چی دەبێت و چۆن دابەش دەبن بەسەر بەرەكاند.

كەمال رەئوف