سه‌ره‌کی        په‌یوه‌ندی        ئه‌رشیف        لینک        زانیاری ماڵپه‌ڕ
   
وتاری هه‌ڤاڵ مسته‌فا چاوڕه‌ش - یادی چله‌ی شه‌هیدانی لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی
له‌میدیاکانه‌وه‌ ‌
  پاشه‌كه‌وت له‌موچه‌ی‌ شه‌هیدان ده‌ستی‌ پێكرد
به‌روار: 21/01/2018



حكومه‌تی‌ هه‌رێم پاشه‌كه‌وتی‌ له‌موچه‌ی‌ شه‌هیدانی‌ شه‌ڕی‌ داعش ده‌ستپێكردو كه‌سوكاری‌ شه‌هیدانیش له‌شاری‌ هه‌ولێرو له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی‌ كوردستان گردبونه‌وه‌یان ئه‌نجامداو كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ موچه‌ی‌ شه‌هیده‌كانیان به‌خیانه‌تێكی‌ گه‌وره‌ ده‌زانن له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌، لیژنه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌و شه‌هیدانیش له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان زانیاریی‌ ئاشكراده‌كات.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 21ی‌ 1ی‌ 2018 كه‌سوكاری‌ شه‌هیدانی‌ شه‌ڕی‌ داعش، به‌هۆی‌ پاشه‌كه‌وت له‌موچه‌ی‌ شه‌هیده‌كانیان له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی‌ كوردستان گردبونه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زاییان ئه‌نجامداو جه‌ختیانكرده‌وه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ی‌، "كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ موچه‌ی‌ شه‌هیده‌كانمان و پاشه‌كه‌وت له‌سه‌ری‌، خیانه‌تێكی‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێت".

له‌به‌رامبه‌ریشدا دلێر مسته‌فا جێگری‌ لیژنه‌ی‌ كاروباری‌ پێشمه‌رگه‌و شه‌هیدان له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌SNNی ڕاگه‌یاند، "ئێمه‌ ده‌نگی‌ كه‌سوكاری‌ شه‌هیدانمان گه‌یاندۆته‌ وه‌زاره‌تی‌ شه‌هیدان و  ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران و وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌، بۆئه‌وه‌ی‌ فشارێك بكه‌ن تاوه‌كو پێداچونه‌وه‌ به‌موچه‌كانیاندا بكرێت و پاشه‌كه‌وتیش له‌موچه‌كانیان نه‌كرێت".

وتیشی‌:"ئێمه‌ پشتگیریی‌ له‌داواكانیان ده‌كه‌ین، چونكه‌ كه‌سوكاری‌ ئه‌و شه‌هیدانه‌ كاسبكاریان نه‌ماوه‌ هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كیان بۆ دابینكردنی‌ بژێوی‌ ژیانیان نییه‌، لایه‌نی‌ حكومه‌تیش له‌وه‌ڵامدا پێیانڕاگه‌یاندین كه‌ پێداچونه‌وه‌ به‌موچه‌كانیاندا ده‌كه‌ن".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ش ئاخۆ ئه‌م لێبڕینه‌ له‌موچه‌ی‌ سه‌رجه‌م كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان ده‌كرێت یان نا، دلێر مسته‌فا وتی‌:"ئه‌و لێبڕینه‌ ته‌نها له‌موچه‌ی‌ شه‌هیدانی‌ شه‌ڕی‌ داعش ده‌كرێت، نه‌ك سه‌رجه‌م شه‌هیدانی دیكه‌ی‌ كوردستان".

هۆكاره‌كه‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌و ئاشكرایكرد، "تائێستا ئه‌و شه‌هیدانه‌ وه‌كو شه‌هید ئه‌ژمار نه‌كراون، واته‌ تائێستا موچه‌ی‌ خانه‌نشینی شه‌هیدانه‌یان بۆ نه‌كراوه‌، به‌ڵكو وه‌كو پێشمه‌رگه‌ موچه‌یان پێده‌درێت، ئێستاش كه‌ پاشه‌كه‌وت له‌موچه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كرێت، به‌هه‌مانشێوه‌ پاشه‌كه‌وت له‌موچه‌ی‌ شه‌هیدانی‌ شه‌ڕی‌ داعشیش ده‌كرێت".