سه‌ره‌کی        په‌یوه‌ندی        ئه‌رشیف        لینک        زانیاری ماڵپه‌ڕ
   
وتاری هه‌ڤاڵ مسته‌فا چاوڕه‌ش - یادی چله‌ی شه‌هیدانی لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی
له‌میدیاکانه‌وه‌ ‌
   عەفرین وەک کەرکوکی لێ نایەت
به‌روار: 27/01/2018


بێشکچى: عەفرین کوردستانە و وەک کەرکوکی لێ نایەت
ئیسماعیل بێشکچی نوسەر و کۆمەڵناسى تورک لەبارەى هێرشى تورکیا بۆ سەر عەفرین ڕایگەیاند، عەفرین کوردستانە و بۆ ماوەیەکى درێژ شەڕ تیایدا بەردەوام دەبێت، بەڵام لەلایەن عەفرینیەکانەوە پارێزگاریى لێدەکرێت. ڕاشیگەیاند، عەفرین وەک کەرکوکی لێ نایەت.

بێشکچى لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئۆزلەم ئاکارسو چەلیک بۆ ڕۆژنامەى دوڤارى تورکیا باسى لە هێرشى تورکیا بۆ سەر عەفرین کردووە و وتویەتى، عەفرین نزیکەى ملیۆنێک هاووڵاتیى تێدا دەژی. عەفرین لە سەرەتاى شەڕی سوریاوە تاوەکو پێش ئەم هێرشە، ئارامترین ناوچە بووە. زیاتر لە ٤٠٠ هەزار هاووڵاتیى سوری ئاوارەى عەفرین بوون.

بێشکچى کە بە دۆستێکى کورد دەناسرێت ڕاشیگەیاند، هێرشکردنە سەر عەفرین هێرشکردنە سەر هەموو کوردانە و هەموو کەس ئەو هێرشە ئیدانە دەکات، بەڵام سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران گوشاریان لەسەر خەڵک دروست کردوە و ڕێگری لە خۆپیشاندانى گەورە و بەهێز دەکەن و مرۆڤەکانیان بێدەنگ کردووە.

بێشکچى کە لەسەر پرسى کورد زیاتر لە ١٣ ساڵ زیندانیکراوە ڕاشیگەیاندووە، باکوورى سوریا لە جزیرەوە هەتا عەفرین وڵاتى کوردانە و خاکێکى بە پیت و بەرەکەتە. ڕژێمى بەعس بۆ بە عەرەبکردنى ئەو ناوچەیە هەوڵى زۆریداوە و تورکیاش بە هێرشەکەى بۆ سەر عەفرین هەمان کار دەکات، یانى تورکیا نایەوێت بەڕێوەبەرایەتییەکی کوردى لەو ناوچەیە دروست بێت و دژایەتیى دەکات.

بێشکچى کە ٣٦ کتێبى نوسیوە و زۆربەیان لەسەر پرسى کوردن و زۆربەشیان لە تورکیا قەدەغەکراون، ئەوەشى خستووەتەڕوو، لەبەر ئەوانەیە کە دەبێت کورد هەموو کات ئەو پێشێلکاری و ناهەقیانەى لە عێراق و سوریا بەرامبەرى کراوە، بخاتەڕوو، چونکە ئەوە خاڵێکى گرنگە.

بێشکچى باسى ئەوەشیکردووە، شەڕ بۆ ماوەیەکى درێژ بەردەوام دەبیت، بەڵام عەفرین دەپارێزرێت، چونکە خەڵکى عەفرین خۆى پارێزگارى لە خاکەکەى دەکات. عەفرین نابێت بە کەرکوک. هەموو دونیا و هێزە نێودەوڵەتییەکان لەسەر کەرکوک کۆبوونەوە. هەروەها لە کەرکوک کوردەکان دابەشبوون و بەشێکیان هاوکاریى دوژمنیان کرد و ئەوەش هەڵەیەکى گەورە بوو، بەڵام عەفرین وا نییە و سەربارى هەموو دەستێوەردانەکان وا دیارە کە تورکیا ناتوانێت پێشڕەوى بکات. خاڵى سەرنجڕاکێش ئەوەیە، کە سەربارى هەموو هێرش و دەستێوەردانەکان گەلى عەفرین شارەکەیان چۆڵ نەکردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە سوپاى تورکیا و گروپە چەکدارەکانى ئۆپۆزسیۆنى سوریاى سەربە تورکیا لە ڕۆژى ٢٠ى کانوونی دووەمی ٢٠١٨وە بە فڕۆکەى جەنگى، فڕۆکەى بێفڕۆکەوان، تانک، تۆپ و هاوەن هێرشەکانیان بۆسەر عەفرین دەستپێکردووە.

هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (هەسەدە) دوێنێ ئامارى شەڕى شەش ڕۆژى ڕابردووى عەفرینى بڵاوکردەوە و بەپێى ئەو ئامارە، لەو شەش ڕۆژەدا ٨٩٠ هێرشى ئاسمانى و زەمینى و تۆپخانەیى بۆسەر عەفرین ئەنجامدراوە و ١٣٦ شەڕ و پێکدادانیش ڕوویداوە، کە بەو هۆیەوە ١٢ تانک و زرێپۆشى تورکیا تەقێنراونەتەوە و ٣٠٨ سەرباز و چەکدارى تورکیا کوژراون، کە ٤ کەسیان بەرپرسى سەربازى بوون.

هەسەدە ڕاشیگەیاندووە، لەو شەڕانەدا ٤٣ شەڕڤان و ٥٩ هاووڵاتى شەهیدبوون و ١٣٤ کەسى تریش برینداربوون.