سه‌ره‌کی        په‌یوه‌ندی        ئه‌رشیف        لینک        زانیاری ماڵپه‌ڕ
   
وتاری هه‌ڤاڵ مسته‌فا چاوڕه‌ش - یادی چله‌ی شه‌هیدانی لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی
راپۆرت ‌
  تورکیا لە نێوان سێکوچکەی ئەمریکا و ڕوسیا و عەفریندا
به‌روار: 05/02/2018

.
بەیان ئیبراهیم .
گەر ناتۆ بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ بەهێزکردنی ناوەندەکان لە سوریا و عێراق و لیبیا و یەمەندا ، ئەوا ئەو بۆچونەی کە پێ ی وابو سایسک بیکۆ هەڵدەوەشێتەوە و نەزمی نوێ ی جیهان بە ڕوسیای تازەشەوە نەخشەیەکی تریان پێیە بۆ دابەشکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بناغەی بەرژەوەندی هاوبەشی زل هێزەکان ، ئەوا عەفرین ئەو سەرزەمینەیە کە کۆی ئەم بۆچونە ڕەت دەکاتەوە و سفری دەکاتەوە ، خۆ ئەگەر پێشمان وا بێت ئاسایشی ڕۆژەهەلاتی ناوەڕاست بەستراوە بە هاوسەنگی نێوان تورکیا و ئێرانەوە وەک دو میراتگیری سەفەوی و عوسمانی ، ئەوا دەتوانین بڵێن ئەمەیان تا ئاستێک لە ڕوی لۆژیکی ئابوری و سیاسیانەوە دەگونجێ ، لەم ڕوانگەیەوە ئەگەر گڵۆپی سەوزی جیهانی بۆ تورکیا هەڵکرابێت و کەرکوک لە بەرامبەر عەفریندا بێت ، ئەوا دەکرێت بڵێین لە ناو عەفریندا ئیرادەیەک هەیە کە گەورەترە لە بۆچونەکان ، ئەگەر نەخشەکەشیان سەر بگرێ ئەوا ئەو ئیرادەیە وا دەکات نەخشەکەی ناتۆ بکەوێتە بەردەم ڕەخنەگەلێکی قورسەوە ، ئەگەر تورکیا لەبەرامبەر کەرکوکدا بێدەنگی کردبێت و بە ڕیفراندۆم کوردی باشوری سفر کردبێتەوە کەرکوکی دابێت بە ئێران لە بەرامبەر بێدەنگی ئێران لە عەفریندا ، ئەوا لە عەفریندا ئێران هیچ هەڵوێستێکی مەیدانی نابێت و ئەمەش ڕێککەوتنی داش بە داشە ، بەڵام کاتێک ڕوسیا بەم بڕیارەی ناتۆ ڕازی دەبێت و ئەمریکاش لە چوارچێوەی ڕاگەیاندنێکی شەرمنانە دەر ناچێت ، ئەوا هەمویان دەزانن چی ڕوسیا و چی ئەمریکا و چی تورکیا کە دەکەونە ناو سێگۆشەیەکی قورسەوە کە ناوی عەفرینە ، چونکە شەرەڤانان خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێزن وە خاوەنی ئەزمونی شەڕی داعش و کۆڵانەکانی کۆبانێن ، کە ئەم چەند ڕۆژە ئەوەی سەلمان کە وەک کەرکوک ئاسان نیە بچنە ناو عەفرینەوە ، ئەوەی ئەردۆغان خەیاڵی بو کە دەتوانێت نانی نیوەڕۆی چڵە زەیتون لەسەر سفرەی عەفرین بخوات تەواو پێجەوانە بو .
ئەگەر ڕێککەوتنێک هەبێت لە نێوان ڕوسیا و ناتۆدا بەتایبەت ئەمریکا و بەریتانیا ئەوا دەبێت پشتی سیناریوکە بخوێنرێتەوە کە فایلێکی تر بەڕیوەیە ئەویش دۆسیەی تاوانەکانی داعشە ، کە هەرسێ وڵاتی تورکیا و سعودیە و قەتەر دەگرێتەوە ، ئەگەر چی ئەمریکا ئێستە کار لەسەر چەکی بایلۆجی و کیمیای بەشار دەکات ، بەڵام دوا جار سێکوچەکەی ئەم ڕێککەوتنانە دەرئەنجامەکەی چاوەڕێ ی ئەوە دەبن کە لەسەر ئەرزی واقع ڕودەدات و عەفرین دەکەوێتە کوێ ی ئەم سێکوچکەیەوە وبەرەو کوێ دەڕوات ، کە دەکرێت لە چەند خاڵێکدا کورت بکرێتەوە :
1. ئەگەر تورکیا پەنا بۆ داعش بەرێت و بەردەوام بێت لەسەری ، ئەوا دور نیە هاوکێشەکان پێچەوانە بێتەوە .
2. ولاتە زل هێزەکان مامەڵە لەگەڵ هێز دەکەن و شەرڤانان و پەیەدە ئەوەیان سەلمان کە دەتوانن هێز بن و لەناو هاوكێشەی سیاسی و تکتیکی سەربازیدا یاری بکەن و خاوەنی ئەو ئیرادەیە بن .
3. خۆ ئەگەر تورکیا هێرشی فتوحاتی چڵە زەیتون وەک ئاسایشی نەتەوەی تورک ببینێت ، ئەوا پەیەدەش لە بەرامبەردا بە فراوانخوازی فاشیزمی تورک دەیبینێت و کاری دبلۆماسی دەست پێدەکات کاریگەری دەبێت لەسەر ناتۆ .
4. خەباتی ژن کە توانیویەتی دەنگی شەقامی ئەمریکی و ولاتانی ناتۆ و ڕوسیا بۆ خۆی بەدەست بێنێت کە لە مێژودا نمونەی نەبوە ، ئەمەش دەبێتە گوشار بۆ سەر ناتۆ و ڕوس .
5. ئەوروپا و ئەمریکا وڕوسیاش ئەوە دەزانن کە پێویستیان بە دەروازەیەکی تر هەیە بەدەر لە دەروازەی بەندەری جیهان و دەبێت دەریای سپی بکەنە دەروازەیەکی تر ، بۆیە دوا جار تورکیا تومەتبار دەکرێت بە بڕینی خەتی ڕێپێدراوی جیهانی و داگیرکردنی سەروەری وڵاتێکی تر و هەمان سیناریوی سەدام دوبارە دەبێتەوە .
6. چەند وڵاتێک کە لەسەر مێزی بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی زل هێز خەریکە دەکەونە خوارەوە دەبێت سیستەمی حوکمرانی تێیدا بگۆڕێت یەکێک لەو وڵاتانە تورکیایە .
دوا جار عەفرین بۆ کورد زۆر لە کۆبانی گرنگ ترە ، ئەگەر لە کۆبانێدا هێزی ئاسمانی هەبوبێت ئێستە هیچ هێزێک هاوکاری عەفرین ناکات جگە لە بونی ئیرادەیەکی بەهێزی ناوخۆیی ، کە دەکاتە ئەوەی بڵێین ئەم سێکوچکەیە گەلەکۆمەکیەکی جیهانیە لە بەرامبەر عەفیریندا ، تا ئێرا عەفرین توانیویەتی بەرامبەر ناتۆ دو هەفتە بوەستێتەوە ، خۆ ئەگەر بەردەوامی هەبێت ئەوا دەبێتە دەرگای کردنەوەی مێژویەکی پرشنگدار لە ڕۆژئاوادا بۆ کورد .