سه‌ره‌کی        په‌یوه‌ندی        ئه‌رشیف        لینک        زانیاری ماڵپه‌ڕ
   
وتاری هه‌ڤاڵ مسته‌فا چاوڕه‌ش - یادی چله‌ی شه‌هیدانی لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی
له‌میدیاکانه‌وه‌ ‌
  چه‌پكه‌ گوڵ
به‌روار: 12/05/2018

عیسمه‌ت نامیق شه‌ریف

هه‌ندێك جار مرۆڤ تووشی‌ بارودۆخێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و ئابووری‌ ئه‌وتۆ ده‌بێت، هه‌ست به‌ بێكه‌سی‌‌و ته‌نیا باڵی‌ ده‌كات، ئه‌و كاته‌ پێویستی‌ به‌ چاودێری‌ هه‌یه‌، ئه‌و پێویستییه‌ش زیاتر ده‌بێت، كاتێك نه‌خۆشییه‌ك وای‌ لێ كردبێت، خۆی‌ توانای‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌بێت خۆی‌ به‌خێو بكات، سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ش به‌ساڵاچوون هۆكارێكی‌ گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ مرۆڤ بكه‌وێته‌ ئه‌و دۆخه‌وه‌، هه‌روه‌ها منداڵانی‌ بێ دایك‌و باوك، كه‌ هه‌ندێكیان كه‌س نییه‌ به‌خێویان بكات، پێویستی‌ به‌ چاودێرییه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای‌ كردووه‌ خانه‌ی‌ به‌ساڵاچوان‌و خانه‌ی‌ بێ دایك‌و باوكان دامه‌زراوه‌‌و هه‌موو پێداویستییه‌كیان تێدایه‌، له‌ خۆراك‌و چاودێری‌ ته‌ندروستی‌‌و چاودێری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و هه‌ر پێداویستییه‌كی‌ ژیانی‌ رۆژانه‌یان.
به‌ڵام له‌ رووی‌ مرۆییه‌وه‌ ئه‌مه‌ به‌س نییه‌، به‌ تایبه‌ت بۆ منداڵی‌ بێ دایك‌و باوك، چونكه‌ ئه‌م توێژه‌ له‌ هاووڵاتیان ئه‌ندامانی‌ خێزانه‌كه‌یان له‌ده‌ست داوه‌‌و ئێستا زۆر پێویستیان به‌وه‌یه‌ له‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌دا په‌یوه‌ندی‌ مرۆیی ببه‌ستن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و په‌یوه‌دییه‌یان له‌گه‌ڵ خێزانی‌ خۆیاندا له‌ده‌ست داوه‌، دروست كردنی‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ش به‌وه‌ ده‌بێت كه‌ رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان ناوبه‌ناو سه‌ردانیان بكه‌ن‌و ئه‌و سه‌ردانه‌ش زۆر گرنگه‌ بۆیان. هه‌روه‌ها پێویستیان به‌ ده‌ستپێشخه‌ری‌ مرۆڤانه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌وه‌ كه‌ له‌ توانایاندا هه‌یه‌ ئه‌م جۆره‌ سه‌ردانانه‌ رێك بخه‌ن، كه‌سانی‌ وه‌ك خوێندكاری‌ زانكۆ، خوێندكاری‌ خوێندنگاكان.
ئه‌م بابه‌ته‌دا بابه‌تێك ده‌خه‌ینه‌ روو، كه‌ جوانترین وێنه‌ی‌ مرۆڤدۆستی‌‌و رووی‌ گه‌شی‌ هاوسۆزی‌‌و هاوخه‌می‌ یه‌كتر له‌ نێوان مرۆڤی‌ ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌دا پیشان ده‌دات، له‌ هه‌مان كاتدا گیانی‌ به‌رزی‌ دڵپاكی‌‌و مرۆڤدۆستی‌ گه‌لی‌ كورد ده‌خاته‌ روو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ تیشك خستنه‌ سه‌ر ده‌ستپێشخه‌ری‌ له‌م جۆره‌ زۆر گرنگه‌‌و پێویستیشه‌ بۆ هاندانی‌ كه‌رته‌كانی‌ تر‌و هاووڵاتیان‌و رێكخراو‌و لایه‌نه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌نده‌نی‌ تا هه‌نگاوی‌ له‌م شێوه‌یه‌ بنێن‌و له‌م جۆره‌ سه‌ردانانه‌ رێك بخه‌ن بۆ خانه‌كانی‌ به‌ساڵاچوان‌و بێ دایك‌و باوكان، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌رده‌وام په‌یوه‌ندییان به‌ كۆمه‌ڵگه‌وه‌ هه‌بێت‌و قه‌ره‌بووی‌ ئه‌و بێ كه‌سییه‌یان بۆ بكرێته‌وه‌، یان ئه‌و ته‌نیایه‌ی‌ كه‌ تێی‌ كه‌وتوون‌و كه‌س‌و كاریان ئه‌گه‌ر مابێتیشن جێیان هێشتوون، جا به‌ هه‌ر هۆیه‌ك بێت.
خوێندكاران‌و مامۆستایانی‌ كۆلێژی‌ ئه‌زمڕی‌ به‌هره‌مه‌ندان له‌ شاری‌ سلێمانی‌، ئه‌و ئه‌ركه‌یان به‌رجه‌سته‌ كردووه‌‌و سه‌ردانی‌ هه‌ردوو خانه‌ی‌ به‌ساڵاچوان‌و خانه‌ی‌ بێ دایك‌و باوكانیشیان كردووه‌، له‌و سه‌ردانه‌دا، به‌ ده‌ستودیارییه‌وه‌ به‌ره‌و پیری‌ به‌ساڵاچوان چوون‌و هه‌ریه‌ك له‌و به‌ساڵاچوانه‌یان به‌ دیارییه‌كی‌ گونجاو دڵخۆش كرد، له‌گه‌ڵ دیارییه‌كاندا، هه‌وڵیان دا به‌ میوزیك‌و هه‌ڵپه‌ڕكێی‌ كوردی‌ دڵخۆشیان بكه‌ن‌و ساته‌وه‌خێكی‌ خۆشیان بۆ دروست كردن.
دوای‌ به‌ساڵاچوان، خوێندكاران‌و مامۆستایانی‌ ئه‌و كۆلێژه‌ به‌ هه‌گبه‌ی‌ پڕ له‌ دیارییه‌وه‌ روویان كرده‌ خانه‌ی‌ بێ منداڵانی‌ دایك‌و باوك، له‌و خانه‌یه‌دا منداڵ سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كانی‌ ژیانی‌ بۆ دابین كراوه‌، به‌ڵام ئه‌مانیش دیارییان پێشكه‌ش كردن‌و كاتێكی‌ خۆشیان له‌گه‌ڵدا به‌سه‌ر بردن، به‌ وێنه‌گرتن‌و پێكه‌نین‌و یاری‌ منداڵانه‌.
ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌، سه‌ره‌تا لای‌ خاتو سه‌ناریا شه‌وكه‌ت یاریده‌ده‌ری‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ خوێندنگه‌كه‌و خاتو سروه‌ جه‌مال سه‌ری‌ هه‌ڵداوه‌، ئه‌وان یارمه‌تییان له‌ خزم‌و كه‌سوكاری‌ خۆیان كۆكردۆته‌وه‌ بۆ كڕینی‌ دیارییه‌كان بۆ هه‌ردوو خانه‌ی‌ به‌ساڵاچوان‌و منداڵانی‌ بێ دایك‌و باوك، پاشان ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌یان پێشكه‌ی‌ مامۆستا نیگار ئیسماعیل كردووه‌ كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ خوێندنگه‌ی‌ به‌هره‌مه‌ندانه‌ له‌ سلێمانی‌‌و مامۆستا نیگاریش ده‌ستبه‌جێ ره‌زامه‌ندی‌ ده‌ربڕی‌‌و دوای‌ ئاگادار كردنه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ په‌روه‌رده‌ دیارییه‌كانیان كڕی‌‌و له‌ كۆتاییدا مامۆستا‌و خوێندكار سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ خانه‌ی‌ به‌ساڵاچوان‌و خانه‌ی‌ بێ دایك‌و باوكان كرد.
لێره‌وه‌ ئێمه‌ هیوادارین ئه‌م جۆره‌ ده‌ستپێشخه‌رییانه‌ نموونه‌یان زۆر بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دیارییه‌كان زۆر ساده‌ش بن كاریگه‌ریی خۆی‌ ده‌بێت‌و ئه‌م نه‌ریته‌ش به‌ جوانترین شێوه‌ گوزارشت له‌ ناخی‌ مرۆڤدۆستی‌ گه‌لی‌ كورد ده‌كات.
له‌ هه‌نگاوێكی‌ هاوشێوه‌دا، كۆمه‌ڵگه‌ی‌ خه‌ون-ی‌ په‌روه‌رده‌یی له‌ سلێمانی‌، بازاڕێكی‌ خێرخوازی‌ له‌ هۆڵه‌كانی‌ نمایش له‌ ماجدی‌ مۆڵ كرده‌وه‌، بازاڕێكی‌ پڕ له‌ خۆراكی‌ جۆراو جۆر‌و شیرینی‌‌و شیره‌مه‌نی‌‌و چا‌و بابه‌تی‌ تر، هه‌ر له‌ بازاڕه‌كه‌شدا چه‌ند چالاكییه‌ك پێشكه‌ش كرا.
مامۆستا تابان به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ خه‌ونی‌ په‌ره‌وه‌ردیی سه‌باره‌ت به‌ سروشتی‌ بازاڕه‌كه‌ رایگه‌یاند، فرۆش‌و داهاتی‌ ئه‌م بازاڕه‌ خێرخوازییه‌ ته‌رخان ده‌كرێت بۆ منداڵانی‌ بێ دایك‌و باوك. ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌، كه‌ مامۆستایان پاره‌ی‌ یارمه‌تییان كۆ كردۆته‌وه‌‌و شمه‌كیان بۆ بازاڕه‌ خێرخوازییه‌كه‌ پێ كڕیوه‌، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش له‌ هه‌ست كردنیانه‌وه‌ بووه‌ به‌ مرۆڤدۆستی‌‌و هاوسۆزی‌‌و پێكه‌وه‌ ژیانی‌ مرۆیی، به‌ تایبه‌تیش هاوسۆزی‌ له‌گه‌ڵ منداڵانی‌ بێ دایك‌و باوك، ئه‌مه‌ش له‌ راستیدا وێنه‌یه‌كی‌ پرشنگداری‌ هه‌ستی‌ نیشتمانپه‌روه‌رییه‌.