سه‌ره‌کی        په‌یوه‌ندی        ئه‌رشیف        لینک        زانیاری ماڵپه‌ڕ
   
وتاری هه‌ڤاڵ مسته‌فا چاوڕه‌ش - یادی چله‌ی شه‌هیدانی لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی
راپۆرت ‌
  ده‌نگدانى ئه‌لیكترۆنى یان هاككردنى دیموكراسى !
به‌روار: 13/05/2018

ده‌نگدانى ئه‌لیكترۆنى یان هاككردنى دیموكراسى !

ئه‌ندام عومه‌ر
سه‌رۆكى ڕێكخراوى تێك ئای بۆ ته‌كنه‌لۆژیاى زانیارى

له‌ به‌روارى ١٢ -٥-٢٠١٨ هه‌ڵبژاردنى سه‌رتاسه‌رى عێراق بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران به‌ڕێوه‌چوو ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كى نه‌رێنى هه‌بوو كه‌ خه‌ڵكى زۆر به‌ره‌و سندوقه‌كانى ده‌نگدان نه‌چوون ، له‌ هه‌مان كاتدا پێشهاتێكى نوێ هاته‌ ئاراوه‌ ، ئه‌ویش باس كردنه‌ له‌ هاككردنى سندوقه‌كانى ده‌نگدان...

ئه‌و ئامێره‌ ئه‌لكترۆنیه‌ى بۆ هه‌ڵبژاردن به‌كارهاتوه‌، ناوه‌ زانستیه‌كه‌ى pcos له‌ ووڵاتى كۆریاى باشوور دروست كراوه‌ و كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنى عێراق گرێبه‌ستى كردوه‌ بۆ دابین كردن و كڕینى ئه‌و ئامێرانه‌ ...

ئامێرى pcos له‌ توانایدا هه‌یه‌ له‌ ماوه‌ى ٥ كاتژمێردا جیاكردنه‌وه‌ى ده‌نگى لیست و قه‌واره‌ و كاندیده‌كانى زیاتر له‌ ٢٥ ملیۆن ده‌نگده‌ر بكات ، به‌و ئه‌نجامه‌ش بێت دیارى كردنى ده‌نگى لیست و قه‌واره‌كانى هه‌ڵبژاردنى عێراق كه‌متر له‌و ماوه‌یه‌ى پێویسته‌ ...

له‌ رووى ته‌كنه‌لۆژیه‌وه‌ ئه‌م ئامێره‌ چى ده‌كات:

١- دیارى كردنى كاتى كاركردن و كوژاندنه‌وه‌ (واته‌ به‌رنامه‌سازیه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك كراوه‌ كه‌ له‌ تواناى به‌ڕێوه‌به‌رى بنكه‌ یان هیچ كه‌سێكى تر نیه‌ زیاد و كه‌مى بكات )

٢- كه‌یبلى ئینته‌رنێتى هه‌یه‌ و ده‌تواندرێت به‌ ئینته‌رنێت په‌یوه‌ست بكرێت و ڕاسته‌وخۆ داتاكان بۆ ناوه‌ند(مه‌ركه‌ز)ى هه‌ڵبژاردن كه‌ به‌غدایه‌ ڕه‌وانه‌ بكات .

٣-داتا و زانیارى ده‌نگده‌ران له‌ ڕێگاى میمۆرى و فلاش میمۆریه‌وه‌ ده‌گوزاریته‌وه‌ .

٤- په‌ڕه‌(وه‌ره‌قه‌)ى تایبه‌تى هه‌یه‌ كه‌ له‌به‌رگرتنه‌وه‌ى (استنساخ)ى زه‌حمه‌ته‌ و به‌مه‌ش ڕێده‌گرێت له‌ ته‌زویر كردن .

٥- شوێنى كه‌یبڵى ئینته‌رنێت و میمۆرى و فلاش میمۆرى به‌ كلیل قوفڵ ده‌درێت و به‌س به‌ڕێوه‌به‌رى بنكه‌ بۆى هه‌یه‌ بیكاته‌وه‌ ..

ئه‌م ئامێره‌ له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك كارده‌كات !

سه‌ره‌تا پێویسته‌ ده‌نگده‌ر ناوى تۆماركرابێت له‌ كۆمسیۆن ، هه‌نگاوى دووه‌م له‌ ڕێگاى كارتى كه‌سیه‌وه‌ (بایۆمه‌ترى) زانیارى ده‌نگده‌ر ده‌خوێنیته‌وه‌ و به‌راوردى ده‌كات و له‌ هه‌نگاوى سێیه‌مدا په‌نجه‌ مۆرى ده‌نگده‌ر وه‌رده‌گرێت و لاى خۆى تۆمارى ده‌كات ، ئه‌مه‌ش بۆ ڕێگرى دووباره‌ بوونه‌وه‌ له‌ ده‌نگدان .

چۆن ده‌نگه‌كان فه‌رز ده‌كات و له‌یه‌كیان جیا ده‌كاته‌وه‌ !

ئه‌م ئامێره‌ هۆشمه‌نده‌ (زیره‌كه‌)، ته‌واوى زانیارى قه‌واره‌ و ناوى كاندید و ژماره‌كانیانى له‌سه‌ر تۆماركراوه‌ ، ئه‌وكاته‌ى تۆى ده‌نگده‌ر ده‌نگتدا بۆ نمونه‌ ده‌نگ به‌ لیستى ژماره‌ ١ ، كاندیدى ژماره‌ ١ ده‌ده‌یت ، راسته‌وخۆ ئه‌ژمارى ده‌كات و لاى خۆى داتاكان هه‌ڵده‌گرێت ...

له‌ هه‌مان كاتدا هه‌موو فۆرمێك (QR CODE) كیو ئارى كۆدى تایبه‌تى هه‌یه‌ و هیچ كه‌سێك ناتوانێت ٢ جار ده‌نگبدات .

داتا و زانیاریه‌كان بۆ كوێ ده‌چن ؟

ئه‌وه‌ى گرنگه‌ ئێمه‌ بیزانین ئه‌وه‌یه‌ ، كه‌ ئه‌و هه‌موو ده‌نگى ده‌نگده‌رانه‌ بۆ كوێ ده‌چن ؟له‌ كوێ هه‌لده‌گیرێن ؟

به‌ دڵنیایه‌وه‌ ته‌واوى داتاكان ده‌چنه‌وه‌ داتا سه‌نته‌رى سه‌ره‌كى كه‌ له‌شارى به‌غدایه‌ و سه‌ر به‌ كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌، ڕێزبه‌ندى داتاكانیش به‌و شێوه‌یه‌ ڕه‌وانه‌ ده‌كرێت :

بنكه‌ى ده‌نگدان پاشان بۆ كۆمسیۆنى باڵاى هه‌لبژاردن ، دواى ئه‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌راتى سیسته‌مى هه‌لبژاردن و دواى ئه‌وه‌ بۆ داتا سه‌نته‌رى سه‌ره‌كى ، هه‌موو ئه‌م كردارانه‌ش چه‌ند چركه‌یه‌كى كه‌مى پێویسته‌ ...

پێش ئه‌وه‌ى بێینه‌ سه‌ر باسى ته‌زویركردن ، ووته‌یه‌كى پسپۆرانى ته‌كنه‌لۆژیتان بیرده‌خه‌مه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێن :كه‌ ئه‌وكاته‌ى ئینته‌رنێتت به‌كارهێنا و زانیاریه‌كانت دزه‌ى پێكرا و بڵاوكرایه‌وه‌ ، گله‌یی له‌ كه‌س مه‌كه‌ ، ته‌نها خۆت نه‌بێت ...

بۆیه‌ جارێكى تر و سه‌د جاری تر ئه‌یڵیمه‌وه‌ ، هیچ كه‌سێك ناتوانێت گره‌نتى پارێزراوبونت پێبدات له‌وكاته‌ى ئینته‌رنێت به‌كار ئه‌هێنت...

له‌ ماوه‌ى ڕابردودا هه‌ریه‌كه‌ له‌ كۆشكی سپی، مۆساد، سی ئاى ئه‌ى ،فه‌یسبووك ، گۆگل، یاهوو ...هتد هاككران و ده‌ستكارى زانیاریه‌كانیان كرا ، ئێستا ئامێرى ته‌كنه‌لۆژی ده‌نگدان چیه‌ تا نه‌توانرێت یارى پێبكرێت و هاك بكرێت؟

با بینه‌ سه‌ر باسى ئامێرى pcos كه‌ چۆن ده‌تواندرێت یارى به‌ ده‌نگه‌كان بكات ...

بێگومان ئه‌و ئامێره‌ ته‌كنه‌لۆژیه‌ وه‌كو هه‌موو ئامێره‌كانى تر مۆبایل، كۆمپیوته‌ر ، ئۆتۆمبێل، كامێرا ، ..هتد نه‌رمه‌كاڵا(Software) له‌سه‌ر جێگیر (Install) كراوه‌ ...

ئه‌م نه‌رمه‌كاڵایه‌ش به‌رنامه‌ساز(برمجة) ى بۆ كراوه‌ ،بێگومان ئه‌و كه‌سه‌شى به‌رنامه‌سازى بۆ كردوه‌ به‌ ئاسانترین شێوه‌ ده‌توانێت ده‌ستكارى بكات و یارى به‌ ده‌نگه‌كان بكات ...

زیاتر بۆتان شیده‌كه‌مه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ بابه‌ته‌كه‌ تێبگه‌ن ، تۆ خاوه‌نى ئۆتۆمبێلێكیت و سویچه‌كه‌ى لاى خۆته‌ ، هه‌زاران كه‌س ده‌توانن بێن سه‌یرى بكه‌ن ، ده‌ستى لێبده‌ن ، سوارى ببن ، به‌ڵام هیچ كامێكیان ناتوانن لێبخورن و ده‌ستكارى بكه‌ن ...

ئامێرى ده‌نگدانه‌كه‌ش به‌ هه‌مان شیوه‌یه‌ ، تۆى ده‌نگده‌ر ده‌توانیت ده‌نگى خۆت بده‌یت ، بیخه‌یته‌ ناوسندوقه‌كه‌ ، به‌لام تۆ ناتوانیت هیچ ده‌ستكاریه‌كى بكه‌یت مه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ى به‌رنامه‌سازیه‌كه‌ى بۆ ئه‌نجامدراوه‌ ...

ئاشكرایه‌ كارى به‌رنامه‌سازیش هه‌مووی پێك دێت له‌ كۆد نوسین ، یه‌ك دێر كۆد ده‌توانێت سه‌دان هه‌زار ده‌نگ بگۆرێت و یارى به‌ لیست و قه‌واره‌ و كاندیده‌كان بكات ...

ئاسایی بێت لاى گه‌ر له‌ بنكه‌یه‌كى ده‌نگداندا ٤٠٠ كه‌س مافى ده‌نگدانیان هه‌بوبێت و له‌و ژماره‌یه‌ش ٣٠٠ كه‌س ده‌نگی دابێت ، به‌ڵام ئامێره‌كه‌ ٦٠٠ ده‌نگ بخوێنێته‌وه‌ ، هه‌ر ٦٠٠ ده‌نگیش بۆ لیستێكى دیارى كراو بێت ، چونكه‌ دواجار ئامێره‌كه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ نیشان ئه‌دات كه‌ به‌رنامه‌سازى بۆ كراوه‌ نه‌وه‌ك ئه‌وه‌ى چه‌ند وه‌ره‌قه‌ى ده‌نگدانى تێدایه‌ ...

به‌ نسبه‌ت ئه‌وه‌ى كه‌ باس له‌ هاككردنى ئه‌م ئامێره‌ ده‌كرێت ، ئه‌وا له‌ ڕووى زانستیه‌وه‌ ده‌توانین بڵیین هه‌ڵه‌یه‌ ، چونكه‌ ئه‌م ئامێره‌ هاك نه‌كراوه‌ ، به‌ڵكو به‌رنامه‌سازى پێشوه‌خته‌ى بۆ كراوه‌ و ته‌نها ئه‌و ژمارانه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌ كه‌پێشتر بۆى داندراوه‌ و له‌سه‌رى تۆماركراوه‌ ، نه‌وه‌ك ئه‌وه‌ى چه‌ند كه‌س ده‌نگى داوه‌ ...

له‌ ووڵاتانى ئه‌وروپى له‌ بڕى بڵێن ئامێرى ده‌نگدانى ئه‌لیكترۆنى ، ئه‌وا پێى ده‌ڵێن ئامێرى هاككردنى دیموكراسی...

له‌ خواره‌وه‌ ڤیدیۆى گروپێكى خه‌بیرى كۆمپیوته‌رى ئه‌مریكیتان بۆ داده‌نێم كه‌ ساڵى ٢٠١٤ له‌ ویلایه‌تى فلۆریدا تاقیكردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر ئه‌م ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنیه‌ كردوه‌ و ناویان لێناوه‌ هاككه‌رى دیموكراسی .

له‌ ڤیدیۆكه‌دا ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌و ٨ كه‌سه‌ به‌ جیا ده‌نگده‌ده‌ن و هه‌موشیان كاتی ده‌نگدانه‌كه‌ تۆمار ده‌كه‌ن كه‌ ده‌نگیان به‌ كێ داوه‌ ، به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان ده‌خه‌نه‌ ناو سندوقه‌كه‌ ، ئه‌نجامه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌ ده‌رده‌چێـت كه‌ پێشووتر به‌رنامه‌ساز(برمجة)ى بۆ كراوه‌ ، تا ده‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ى یه‌كێك له‌ خه‌بیره‌كان ده‌ست ده‌كات به‌ گریان ..

٣ هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ریش كه‌نالى ئاسمانى بیلادی عیراقی (قناة بلادي الفضائية) به‌ تێر و ته‌سه‌لى باسى چۆنیه‌تى هاككردنى ئه‌م ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنیه‌ى بڵاوكرده‌وه‌ .

ئه‌م بابه‌ته‌شم ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ نوسیوه‌ كه‌ له‌ ئێواره‌وه‌ ده‌یان ته‌له‌فۆن و نامه‌م بۆ هاتوه‌ و پرسیارى ئه‌وه‌یان لێكردووم كه‌ ئایا ئه‌م جیهازى ده‌نگدانه‌ ئه‌لیكترۆنیه‌ هاك ده‌كرێت یان نا ؟

هیوادارم وه‌لامه‌كه‌تان وه‌رگرتبێت و له‌ ڤیدیۆكه‌ش زانیارى زیاتر ببینن ...

ئاماده‌كردنى : ئه‌ندام عومه‌ر
شاره‌زاى ته‌كنه‌لۆژیا و سه‌رۆكى ڕێكخراوى تێك ئاى بۆ ته‌كنه‌لۆژیاى زانیارى

به‌نسبه‌ت شێوازه‌ زانستیه‌كه‌ى بۆیه‌ باسى ناكه‌م ، چونكه‌ زۆر كه‌س له‌وه‌یه‌ شاره‌زایه‌كى ئه‌وتۆى نه‌بێت له‌ ڕووى ئه‌منیه‌تى ئینته‌رنێته‌وه‌ بۆیه‌ به‌ قووڵى نه‌منوسیوه‌ ، ئه‌گه‌ر نا له‌م كرداره‌ له‌ data center ئه‌بیته‌ دوو به‌ش Election mangment system و Election Statistic system له‌ویشه‌وه‌ به‌ هۆى به‌كارهێنانى SSL VPN به‌ شێوه‌ى Prive line ده‌نگه‌كان ده‌چنه‌وه‌ Counting station .