سه‌ره‌کی        په‌یوه‌ندی        ئه‌رشیف        لینک        زانیاری ماڵپه‌ڕ
   
وتاری هه‌ڤاڵ مسته‌فا چاوڕه‌ش - یادی چله‌ی شه‌هیدانی لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی
عێراق ‌
  كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی تارمییه‌ چه‌ك به‌خه‌ڵكی‌ هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌
به‌روار: 20/05/2018

سه‌ره‌تا مانگی ئایار هێرشێكی چه‌كداری شانه‌ نووستووه‌كانی داعش قه‌زای تارمییه‌ 16 قوربانی لێكه‌وه‌ته‌وه‌، رووداوه‌كه‌ش مه‌سه‌له‌ی چه‌كهه‌ڵگرتنی هاووڵاتیانی هێنایه‌وه‌ به‌رباس.

ئه‌حمه‌د ره‌دام (37 ساڵ) به‌ده‌م فرمێسكسڕینه‌وه‌ له‌كاتی به‌شداریكردنی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ی له‌ به‌خاكسپاردنی قوربانیانی ئه‌و هێرشه‌ی چه‌ند كه‌سێكی نه‌ناسراو ئه‌نجامیان دا كه‌ باوه‌ڕوایه‌ سه‌ر به‌ شانه‌یه‌كی نوستووی په‌یوه‌ندیدار به‌ رێكخراوی داعش بن، وتی: "ئه‌گه‌ر چه‌كمان هه‌بووایه‌ ده‌مانتوانی به‌رگری له‌خۆمان بكه‌ین‌و كه‌سما لێ نه‌ده‌كوژرا".

 له‌و به‌خاكسپاردنه‌دا كه‌ سه‌رله‌به‌یانی رۆژی دووی ئایار به‌ڕێوه‌چوو، ده‌یان كه‌س له‌ دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ له‌ گوندی (ئه‌لبو فه‌راج) یان (ئه‌لبو مه‌رزوگ) وه‌ك پێی ناسراوه‌، به‌شداربوون كه‌ سه‌ر به‌ ناوچه‌ی چوارده‌ی ره‌مه‌زانه‌‌و یه‌كێكه‌ له‌ ناوچه‌كانی ناحیه‌ی عه‌بایچی له‌ قه‌زای تارمییه‌ی باكووری به‌غدای پایته‌خت.

 ته‌نیا چه‌ند سه‌عاتێك پێش ئه‌و به‌خاكسپاردنه‌‌و به‌دیاریكراویش له‌ نیوه‌ڕۆی یه‌كی ئایاردا هێزێكی ئه‌منی عێراق چاره‌سه‌ری چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراوی ده‌كرد كه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی نزیك ئه‌و ناوه‌ دزه‌یان كردبووه‌ نێو گوندی ئه‌لبوفه‌راج كه‌ هێشتا نه‌زانراوه‌ كوێیه‌، به‌ڵام هێرشبه‌ره‌كان توانیان هه‌ڵبێن بۆ شوێنێكی نادیار.
 
هێرشبه‌ره‌كان له‌و گونده‌دا بڵاوببووه‌نه‌وه‌ كه‌ تاڕاده‌یه‌ك له‌ ناوه‌ندی تارمییه‌وه‌ دووره‌‌و به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی ته‌قه‌یان كردبوو، به‌پێی بۆچوونی هه‌موو ئه‌وانه‌ی هێرشبه‌ره‌كانیان بینیبوو، هێرشه‌كه‌ وه‌ك هه‌ڵمه‌تێكی له‌ناوبردنی به‌كۆمه‌ڵ وابووه‌‌و ئامانج لێی خستنه‌وه‌ی زۆرترین ژماره‌ی قوربانی بووه‌ له‌ كوژارو‌و بریندار، پاشان هێزێكی ئه‌منی له‌نزیكی شوێنی رووداوه‌كه‌ هاتووه‌‌و راوه‌دووی هێرشبه‌رانی ناوه‌، به‌ڵام دوای چه‌ند سه‌د مه‌ترێك شوێنپێی ونكردوون.
 
ئه‌حمه‌د ره‌دام ده‌ڵێت: "رووداوه‌كه‌ له‌ شه‌قامی سه‌ره‌كیدا روویدا، كه‌س نه‌یتوانی به‌رگری له‌خۆی بكات، چونكه‌ هه‌موو دوكان‌و ماڵه‌كانی ئه‌و ناوه‌ یه‌ك پارچه‌ چه‌كیان تێدا نه‌بوو".

وتیشی: "ئه‌گه‌ر هێزه‌ ئه‌منییه‌كه‌ له‌كاتی گونجاودا نه‌هاتایه‌ ئه‌وا چه‌ند هێنده‌ زیاتر له‌ كه‌سوكار‌و هاوڕێیان‌و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌مان له‌ده‌ست ده‌دا".

سه‌رچاوه‌ خۆجێییه‌كان ده‌ڵێن هێرشه‌كه‌ به‌لانی كه‌مه‌وه‌ بووه‌ته‌ هۆی كوژرانی 16 كه‌س‌و برینداربوونی چوار كه‌سی دیكه‌، ئه‌و ئاماره‌ش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراقه‌وه‌ پشتڕاست كرایه‌وه‌‌و روونیكرده‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌داوی ده‌ستكه‌وتووه‌ ده‌یانگه‌یه‌نێته‌ هێرشبه‌ره‌كان.

به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، رووداوه‌كه‌ به‌ هێرشی ئه‌ندامانی رێكخراوی داعش بۆ سه‌ر ماڵی پارێزه‌رێكی ناوچه‌كه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ دوای ئه‌وه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی ته‌قه‌یان له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ كردووه‌ كه‌ له‌هه‌مان ئه‌و شه‌قامه‌دا بوون.
 
له‌ شه‌شی ئایاریشدا واته‌ دوای پێنج رۆژ له‌ رووداوه‌كه‌ خه‌ڵكی ناوچه‌ی چوارده‌ی ره‌مه‌زان بڕیاریان دا خۆپیشاندانێكی فراوان رێكبخه‌ن ئه‌ویش دوای گیانله‌ده‌ستدانی یه‌كێك له‌ شێخی عه‌شیره‌ته‌كانی ناوچه‌كه‌ كه‌ له‌و "كۆمه‌ڵكوژییه‌"دا بریندار ببوو كه‌ دواتر رێكخراوی داعش به‌رپرسیارێتیه‌كه‌ی خسته‌ ئه‌ستۆی.

 خۆپیشانده‌ران داوایان كرد چاره‌سه‌رێكی ریشه‌یی بۆ ئه‌و كێشه‌ ئه‌منییانه‌ بدۆزنه‌وه‌ كه‌ ناوچه‌كه‌یان گیرۆده‌یان بووه‌‌و به‌رای ئه‌وان نه‌حكومه‌ت‌و نه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش نه‌یانتوانیوه‌ دابینی بكه‌ن.

 خۆپیشانده‌ران سه‌رنجیان له‌سه‌ر خاڵێك چڕكردبووه‌وه‌ كه‌ به‌ سه‌ره‌كی دایده‌نێن بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ناوچه‌كانی تارمییه‌ به‌ گشتی به‌بێ پشتبه‌ستن به‌ حكومه‌ت‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، ئه‌ویش خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ رێگه‌یان پێبدرێت لانی كه‌م له‌ هه‌ر ماڵێك یان دوكانێكدا یه‌ك پارچه‌ چه‌ك هه‌ڵبگرن.

له‌ ساڵی 2003وه‌ خه‌ڵكی ناوچه‌ی تارمییه‌ وه‌كو هاووڵاتیانی دیكه‌ی عێراق به‌تایبه‌تی له‌ به‌غدای پایته‌خت له‌ماڵ‌و دوكانه‌كانیاندا چه‌كیان هه‌بووه‌ به‌رله‌وه‌ی هێزه‌ حكومییه‌كان له‌دوای چه‌ند مانگێك له‌ رووداو‌و گۆڕانكارییه‌كان هه‌ڵمه‌ته‌كانی نه‌هێشتنی ئه‌و چه‌كه‌ بێ مۆڵه‌تانه‌ ده‌ست پێبكه‌ن كه‌ به‌هۆی كردنه‌وه‌ی عه‌مباره‌كانی چه‌كی سوپای هه‌ڵوه‌شاوه‌ی عێراق له‌به‌رده‌م هاووڵاتیاندا، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان بڵاوببوونه‌وه‌.

 له‌دوو ساڵی دواتردا‌و به‌هۆی له‌ده‌ستده‌رچوونی ره‌وشی ئه‌منی، حكومه‌تی عێراق ناچار بوو له‌و كاته‌دا رێگه‌ به‌ هاووڵاتیان بدات یه‌ك پارچه‌ چه‌كی سوك له‌ هه‌ر ماڵێكدا هه‌ڵبگرن بۆ مه‌به‌ستی پارێزگاری تایبه‌ت به‌ مه‌رجێك ئه‌و چه‌كه‌ له‌ نزیكترین بنكه‌ی پۆلیسدا تۆمار بكرێت ئه‌ویش له‌به‌ر پابه‌ندنه‌بوونی زۆرێك له‌ هاووڵاتیان به‌ یاسای چه‌كهه‌ڵگرتن له‌ عیراق‌و باوه‌ڕنه‌هێنانیان به‌ ده‌ستبه‌رداربوون له‌ چه‌كه‌كانیان له‌ كاتێكدا هێزه‌ ئه‌منییه‌كان نه‌یانده‌توانی ئاسایشی هه‌مووان دابین بكه‌ن.
له‌گه‌ڵ هه‌ڵبه‌ز‌و دابه‌زی ره‌وشی ئه‌منیش له‌ ساڵانی دواتردا له‌نێوان سه‌قامگیربوون‌و پاشه‌كشه‌كردندا، برٍیاره‌كانی حكومه‌تی عێراقیش له‌ بۆنه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ بۆنه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌گۆڕان، چونكه‌ هه‌ندێك كات رێگه‌ی به‌ هاووڵاتیان ده‌دا چه‌ك هه‌ڵبگرن‌و هه‌ندێك كاتی دیكه‌ش ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گرتن به‌پێی حوكمی ره‌وشی ئه‌منی كه‌ تاوێك باش ده‌بو‌و تاوێكی دیكه‌ش له‌ده‌ست ده‌رده‌چوو.

رۆژی ده‌ی حوزه‌یرانی ساڵی 2014یش رۆژێكی جیاواز بوو له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا، چونكه‌ هێرشی رێكخراوی داعش بۆ شاری موسڵ‌و كۆنترۆڵكردنی‌و ئه‌و رووداوانه‌ی به‌دوایدا هاتن‌و بوونه‌هۆی داگیركردنی نزیكه‌ی زیاتر له‌ سێیه‌كی خاكی عیراق له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كه‌وه‌، هۆكاری سه‌ره‌كی بوون بۆئه‌وه‌ی حكومه‌تی عیراق جارێكی دیكه‌ رێگه‌ به‌ هاووڵاتیان بدات چه‌كیان هه‌بێت.

له‌ پێنجی شوباتی ساڵی 2015یشدا بڕیارێك له‌ فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراقه‌وه‌ ده‌رچوو سه‌باره‌ت به‌وه‌ی پێنج ناوچه‌ی به‌غدا چه‌ك لێداماڵراو بن، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكیشدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ به‌غدای پایته‌خت له‌ڕووی ئه‌منییه‌وه‌ سه‌قامگیره‌‌و پێویست ناكات هاووڵاتی چه‌كی هه‌بێت، دواتریش ئه‌و هه‌نگاوه‌ به‌سه‌ر ناوچه‌كانی دیكه‌ی پایته‌ختدا گشتگیركرا جگه‌ له‌ تارمییه‌.

 تارمییه‌ دواین ناوچه‌ی به‌غدای پایته‌خت بوو كه‌ له‌ رێكخراوی داعش رزگاری بوو، ته‌نانه‌ت رێكخراوه‌كه‌ تا مانگه‌كانی كۆتایی ساڵی رابردووش له‌دوای راگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتنی كۆتایی به‌سه‌ر داعش له‌ عێراق، له‌و ناوچه‌یه‌دا هه‌ر چالاك بوو.

 سه‌ره‌ڕای ره‌وشی ئه‌منی نائاسایی له‌ تارمییه‌، به‌ڵام به‌م دواییانه‌ بڕیاری چه‌كداماڵین ئه‌وێشی گرته‌وه‌‌و ئیتر ره‌وشی ئه‌منی تێیدا په‌یوه‌ست بوو به‌ توانای ئه‌و هێزه‌ ئه‌منییانه‌ی له‌ ناوچه‌كانیدان  بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانی ئه‌ندامانی شانه‌ نوستووه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ داعش بۆ تێكدانی ئاسایشی ناوچه‌كه‌.

چه‌كداماڵین له‌ ناوچه‌كانی تارمییه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌منی وڵات رایانده‌گه‌یاندن كه‌ خۆی له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆدا ده‌بینێته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی فه‌وجێك بۆ پاراستنی تارمییه‌ له‌ژێر ناوی (فه‌وجی تارمییه‌) كه‌ هه‌موو ئه‌ندامانی له‌ خه‌ڵكی قه‌زاكه‌ بن، به‌ڵام ئه‌و فه‌وجه‌ تائێستا پێكنه‌هێنراوه‌ له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك كه‌ ریشسپیانی تارمییه‌ پێیان وایه‌ سیاسین‌و خۆیان له‌وه‌دا ده‌بیننه‌وه‌ حزبه‌ ده‌سترۆیشتووه‌كانی ده‌وڵه‌ت رازی نین ئه‌زموونێكی هاوشێوه‌ی ئه‌زموونی سه‌حوه‌كان یاخود رۆڵه‌كانی عیراق دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ رۆڵێكی گرنگیان هه‌بوو له‌ كۆتاییهێنان به‌ رێكخراوی قاعیده‌ له‌ پارێزگای ئه‌نباری خۆرئاوای عێراق له‌ كۆتایی ساڵی 2006دا.

دوای "كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌"ی گوندی ئه‌لبو فه‌راج ریشسپیانی تارمییه‌ نامه‌یه‌كیان ئیمزاكرد كه‌ ئاراسته‌ی ژماره‌یه‌ك به‌رپرس‌و په‌رله‌مانتاری قه‌زاكه‌ كراوه‌ له‌وانه‌ شێخ سه‌عید جاسم‌و په‌رله‌مانتاران ئه‌حمه‌د مه‌شهه‌دانی‌و مه‌حمود مه‌شهه‌دانی‌و ئه‌حه‌د مساری كه‌ تێیدا ئیمزاكه‌ران داوایان كردووه‌ راستییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ فه‌وجه‌كه‌ی تارمییه‌‌و هۆكاره‌كانی پێكنه‌هێنانی ئاشكرا بكرێن.

نامه‌كه‌ روونیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ناوانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ باسكراون له‌و به‌رپرس‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی قه‌زای تارمییه‌ ده‌كه‌ن زیاتر له‌ ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر رایانگه‌یاندبوو حكومه‌ت ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه‌ له‌سه‌ر پێكهێنانی فه‌روجی تارمییه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی یه‌ك هه‌نگاو بۆ پێكهێنانی بنرێت.

شێخ حه‌مید جاسم كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ریشسپیانی قه‌زای تارمییه‌ ده‌ڵێت: "پێكهێنانی فه‌وجی تارمییه‌ جێگای چه‌كهه‌ڵگرتنمان بۆ ده‌گرێته‌وه‌، چونكه‌ فه‌وجی تارمییه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ ده‌وڵه‌ت رێگه‌ ده‌دات به‌ خه‌ڵكی قه‌زاكه‌ پارێزگاری لێ بكه‌ن‌و خه‌ڵكی مه‌ككه‌ش له‌هه‌مووكه‌س شاره‌زاتری ناوچه‌كانیانن".

 شێخ حه‌مید جاسم رایگه‌یاند: "چه‌ند هۆكارێكی سیاسی رێگرن له‌ پێكهێنانی ئه‌و فه‌وجه‌، چونكه‌ هه‌ندێك حزب نایانه‌وێت خه‌ڵكی تارمییه‌ چه‌ك به‌ڕووی تیرۆرستاندا هه‌ڵبگرن‌و ده‌یانه‌وێت هه‌میشه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ر بێت".

 خواستێكی سیاسیش هه‌یه‌ به‌پێویستی ده‌زانێت ئه‌ركی پاراستنی تارمیه‌ بدرێته‌ حه‌شدی عه‌شایری كه‌ له‌ڕووی ئیدارییه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی به‌تایبه‌تی كه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌سته‌كه‌ پێی وایه‌ هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ی داعش له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ به‌رده‌وامه‌ كه‌ به‌ ناوچه‌یه‌كی هه‌ستیاری به‌غدای پایته‌خه‌ت داده‌نرێن.

ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ڵێت: "له‌ رۆژانی دووشه‌ممه‌‌و چوارشه‌ممه‌ی خوێناوی‌و ئه‌و رۆژه‌ خوێناویانه‌ی دیكه‌ی به‌غدای پایته‌ختیان پێدا تێپه‌ڕیوه‌، ژماره‌ی ئه‌ندامانی داعش كه‌ به‌رپرسیاری ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ بوون له‌ 120 كه‌س تێنه‌ده‌په‌ڕین، به‌ڵام ئه‌مڕۆ لانی كه‌م 200 كه‌سیان له‌ ناوچه‌كانی پشتێنه‌ی به‌غدای پایته‌خت به‌ تارمییه‌شه‌وه‌ جموجوڵ ده‌كه‌ن له‌كۆی بیست هه‌زار چه‌كداری سه‌ر به‌ داعش كه‌ دوای شه‌ڕه‌كان له‌دژی رێكخراوه‌كه‌ خۆیان حه‌شار داوه‌، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ هێشتا هه‌ڕه‌شه‌یان هه‌ر ماوه‌".

ئه‌و لێدوانه‌ی موهه‌ندیس چه‌ند سه‌عاتێكی كه‌م پێش "كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌"ی ئه‌لبوفه‌راج بوو كه‌ هێزه‌كانی حه‌شد له‌و ناوچانه‌ هه‌ستیان به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ئه‌منی كردبوو كه‌ دواتر له‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌‌و رووداوێكی تردا به‌رجه‌سته‌ بوو كه‌ له‌ باكووری تارمییه‌ له‌ دوجێل روویدا كه‌ له‌ڕووی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دینه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ خه‌ڵكی تارمییه‌‌و زۆر ناوچه‌ی دیكه‌ كه‌ هه‌مان بارودۆخیان هه‌یه‌ سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێداچوونه‌وه‌ به‌ بابه‌تی هه‌ڵگرتنی چه‌كدا بكرێت ئه‌گه‌ر رێگرییه‌ك هه‌یه‌ له‌ پێكهێنانی فه‌وجێك كه‌ ته‌نیا ئه‌ركی پاراستنی ناوچه‌كه‌یه‌.











PUKMEDIA

زیاتر ...‌
ئەمڕۆ برۆنۆ جیدۆ نوێنەری کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە عێراق، بە بۆنەی رۆژی جیھانی پەنابەرانەوە، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێ...
21/06/2018
له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی به‌غداد دوایین پێشھاته‌كانی عێراق و گرنگیی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ھه‌ردوو وڵات تاوتوێكراوه‌، له‌چه‌ند رۆژی رابردووشدا ...
07/06/2018
ئاژانسه‌كانی هه‌واڵی عیراقی بڵاویانكردوه‌ته‌وه‌، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك كه‌ هۆكاره‌كه‌ی به‌ڕوونی دیارنیه‌، له‌ حوسه‌یینیه‌یی ئیمام عه‌لی له‌ناوچه‌ی سه...
07/06/2018
په‌ڕه‌یله‌ 20
ژماره‌ی بابه‌ت